یەکێک لە سێناتۆرەکانی حیزبی دێموکراتی ئەمریکا، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە نیگەرانییەکی یەکجار زۆر لەبارەی سڕینەوەی سپای پاسداران لە لیستی ڕەشی تێرۆر هەیە، وتی: سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئەکتەرێکی مەترسیدار و ناسەقامگیرە و بە هێچ شێوەیەک جێی متمانە نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئێران ئینتێرناشناڵ” ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، کریس کۆنێز، سێناتۆری حیزبی دێموکراتی ئەمریکا لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی “ئێران ئینتێرناشناڵ”، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بە تایبەت ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی کە دەوڵەتی جۆ بایدێن سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی تێرۆر بسڕێتەوە و وتی: سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک جێی متمانە نییە و ئەگەر لە لیستی تێرۆر بسڕدرێتەوە هیچکات پێبەندی یاسا نێونەتەوەییەکان نابێ و بەردەوام دەبێتە مەترسی بۆسەر سەقامگیریی ناوچەکە.
کریز کۆنێز، کە یەکێک لە پشتیوانان و نزیکانی “جۆ بایدێن”ـە هەر لەو بارەوە وتیشی: من نازانم بۆچی دەبێ سپای تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان بێتە دەرێ و ئەوە بۆ هیچ کەس جێی باوەڕ نییە و دەبێ سپا لە لیستی تێرۆردا بمێنێتەوە و هەرچەند من زانیاریم لەسەر کۆتابڕیارەکان نییە، بەڵام نابێ بە هیچ شێوەیەک سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان بهێنرێتە دەرەوە و ئەگەر دەوڵەتی بایدێن کارێکی لەو شێوەیە بکە دەبێتە هەڵەیەکی مێژووی لە دەورانی سەرۆککۆمارییدا.