پاش ئەوەی کە دەوڵەتی ئاخوند ڕەئیسی ڕایگەیاند کە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دەبێ بڕیاری لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠تمەنی بۆ هاوردەکردنی دەوا و دەرمان پەسەند بکا، نیگەرانییەکان لەهەمبەر کەمی و گرانبوونی نرخی دەوا و دەرمان ڕوو لە هەڵکشانە.
محەممەدڕەزا میرتاجەدینی، جێگری بەرپرسی کۆمیسیۆنی بەرنامە و بوودجەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئیسنا” هەواڵی پەسەندکردنی گەڵاڵەی لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بۆ هاوردەکردنی دەوا و دەرمان پشتڕاست کردەوە و وتی: نرخی دەوا و دەرمان لە ئێراندا لە سەتا ٣٠ بەرز دەبێتەوە.
هەر لەم پێوەندییەدا وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم پێشتر ڕایگەیاندبوو کە؛ لە ئەگەری لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بۆ هاوردەکردنی دەوا و دەرمان، نرخی دەوا و دەرمان بە شێوەیەکی زۆر بەرز دەبێتەوە و دەبی دەوڵەت ڕێکاریکی گونجاو بگرێتەبەر.
جێگەی ئاماژەیە کە سەرەڕای هۆشداریی کارناسانی ئابووری، سەبارەت بە هەڵاوسانی ئابووری و بەرزبوونەوەی نرخی دەوا و دەرمان، گەڵاڵەی لابردنی دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی بۆ هاوردەکردنی دەوا و دەرمان لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
هەر لەم پێوەندییەدا محەممەدڕەزا واعێزمەهدەوی، بەرپرسی ئەنجومەنی ئابووریی تەندروستیی ئێران، سەرەڕای هۆشداری لەهەمبەر لابردنی دۆلار ٤٢٠٠تمەنی بۆ هاوردەکردنی دەوا و دەرمان وتی: بە پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە لە مەجلیس، نرخی دەوا و دەرمانی نێوخۆیی لە ئێراندا ٤ هێندە گرانتر دەبێ و دەرمانە هاوردەکراوەکان ٧ هێندە گرانتر دەبن و خەڵک تووشی هەژاری و بێدەرتانی زیاتر دەکەن.