بەرەی یەکگرتووی کورد بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی پەیامێکی بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەدا بەو شێوەیە:
پاش شەڕی جیهانی دووهەم و ڕێککەوتنی ئێران و سۆڤییەت لەسەر نەوتی باکوور و چوونەدەرەوەی هێزی سۆڤییەت لە ئێران، لە پاییزی ساڵی ١٣٢٥ هەتاویدا سپای ئێران هێرشی بەربڵاوی بۆسەر دوو کۆماری کوردستان و ئازەربایجان دەست پێکرد. بە شکستی کۆماری کوردستان، دەوڵەت بە تەواویی ناوچەکانی خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
قازی محەممەد هەر چەند دەیتوانی گیانی خۆی ڕزگار بکات، بەڵام بۆ ئەوەی پێشگیریی بکات لە قەتڵوعامی خەڵک لەلایەن سپای ئێرانەوە، خۆی تەسلیمی ئەو هێزە کرد. قازی ڕەوانەی زیندان کرا. دوای چەند مانگ لێکۆڵینەوە، لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ ی هەتاوی بەرانبەر ٣١ مارسی ١٩٤٧ لە شاری مەهاباد لە مەیدانی چوارچرا، سێداره هەڵخراو و سێ ڕۆڵەی ئازا و چاونەترسی کورد خۆیان کردە قۆچی قوربانی گەلەگەیان.
پێشوای نەمر قازی محەممەد، سەیفی قازی برای و سەدری قازی ئامۆزای، چاونەترسانە بۆ بەرگری لە گەلەکەیان گیانیان بەخت کرد.
بەرەی یەکگرتووی کورد لەگەڵ ئیدانەکردنی ئەو کردەوە ترسنۆکانەی ڕێژیمی پاشایەتی، سەری ڕێز دادەنوێنێت بۆ پێشوا و هاوڕێیانی کە بە گیانی خۆیان وانەی گەورەیی و چاونەترسی و دڵسۆزییان فێری گەلەکەیان کرد و لە مێژووی کورد لاپەڕەیەکی زێڕینیان تۆمار کرد. لەسێدارەدانی قازییەکان لە مەهاباد و عەلی شێرزاد لە بۆکان و یازدە تێکۆشەری کۆماری کوردستان لە سەقز و یادکردنەوەیان هەتا ئێستە، سەلمێنەریی ئەو ڕاستییەیە کە ئێعدام و زیندانیکردنی ڕێگەچارەی کێشەی کورد نییە.
یادیان بەرز و پیرۆز بێت.
بەرەی یەکگرتووی کورد
١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی
بەرانبەر١٤٠١ی هەتاوی