جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا دەڵێ: ئەگەر پوتین، درێژە بە شەڕ بەدژی ئۆکراین بدا ئەو زیاتر لە دنیای سیاسەت و پێوەندییە جیهانییەکان دووری دەخەینەوە.
جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی دووشەمممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆشکی سپی و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای وتنی ئەوەی کە ئەگەر سەرۆککۆماری ڕووسیە درێژە بە شەڕ بەدژی ئۆکراین بدا ئەو زیاتر گەمارۆی بەسەردا دەسەپێنین و زیاتر لە دنیای سیاسەت و پێوەندییە جیهانییەکان دووری دەخەینەوە، وتی: ئەگەر پوتین لە شەڕ بەدژی ئۆکراین، چەکی قەدەغەکراوی “کیمیایی” بەکار بێنێ، وڵامێکی خێرای سەربازیی ئەو وڵاتە دەدەینەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ هاوتا لەهێستانییەکەی، پوتین، سەرۆککۆماری ڕووسیەی بە “بکوژ و قاتڵ” ناوبرد و هەروەها وتی: پوتین تەنانەت نابێ یەک ڕۆژ لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە قسەکانی جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەرپرسانی ڕووسیە بووەوە و لەسەر قسەکانی جۆ بایدێن، ڕایانگەیاند کە کاروباری نێوخۆیی ڕووسیە پێوەندی بە هیچ کەس و وڵاتێکەوە نییە و ئەوە تەنیا خەڵکی ڕووسیەیە کە بڕیار دەدا کێ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بێ.