سەرەڕای ڕاگەیاندنی لێبوردنی گشتیی لەلایەن تاڵیبانەوە، تێرۆری کاربەدەستانی ئەمنییەتی و بەرپرسانی سەربازیی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان درێژەی هەیە و لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا سێ کەس لە بەرپرسانی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان تێرۆر کراون.
سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان، ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندووە کە؛ سەرەڕای دەرکردنی لێبوردنی گشتیی لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە بۆ بەرپرسان و کاربەدەستانی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان، چەکدارەکانی گرووپی تاڵیبان، ڕۆژی یەکشەممە فەرماندەیەکی سەربازیی پێشووی دەوڵەتی ئەفغانستانیان لە هەرێمی تەخار هەڵکەوتوو لە باکووری ئەفغانستان تیرباران کردووە.
سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئەفغانستان ڕایانگەیاندووە کە؛ ئەو فەرماندە سەربازییەی پێشووی دەوڵەتی ئەفغانستان لە شاری تاڵقان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە تیرباران کراوە و هەروەها لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە هەرێمەکانی” تەخار و هێلمەند” سێ کەس لە بەرپرسانی سەربازیی دەوڵەتی پێشووی ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە تێرۆر کراون.