بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا دەڵێ: وتووێژی نێوان زلهێزە جیهانییەکان و ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، بەهۆی ئێرانەوە گەیشتووەتە بنبەست.
جۆزێڤ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لە پەرلەمانی ئەو یەکیەتییە وتی: زۆر نیگەرانین لەوەی کە لە کاتێکدا زۆر نزیک بووینەتەوە لە ڕێککەوتن، ناتوانین بەهۆی زێدەخوازی و بەربەست سازکردنەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە ڕێککەوتنی ناوکیی دووبارە بکەینەوە.
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا دەڵێ: ڕێژیمی ئێران بە بەربەست سازکردن و پێداگری لەسەر داواکارییەکانی کە خۆی بە هێڵی سوور ناویان دەبا بە تایبەتیی لابردنی ناوی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکا، بەربەستێکی گەورەی لەسەر ڕێگای گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئێران ساز کردووە.
جێگەی ئاماژەیە کە لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکادا لە چوارچێوەی یاسای دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی “بەرجام”دا ناگونجێ، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەو بابەتە سوورن و دەڵێن یەکێک لە مەرجەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتن لابردنی سپای پاسدارانی ئێرانە لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکایە.
لەلایەکی دیکەوە، ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی ڕابردوو لە ئیسرائیل، بەڵێنی بە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا بە تایبەتی ئیسرائیل داوە کە ئەمریکا نایهەوێت ناوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکاندا بێنێتە دەرەوە.