زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت لە بەرەبەری نەورۆز و سەری ساڵی کوردیدا خولی نەورۆزانەی تۆپی پێ لەنێوان گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەڕێوە دەچێت.
لاوانی ناوچەی ئالانی سەردەشت زیاتر ٣٠ ساڵە بەبۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە شوناسخوازانەکانی نەورۆزی کوردەواری لەو ناوچەیە، ساڵانە چەند ڕۆژ پێش لە نەورۆز لەنێوان گوندەکانی ناوچەکە خولی نەورۆزانەی تۆپی پێ بەڕێوە دەبەن و ئەمساڵیش خولەکە چوار ڕۆژ پێش لە نەورۆزەوە دەستی پێ کرد و تاوەکوو کۆتایی ئەم حەوتوویەش بەردەوام دەبێت.
ئەم خولە هەر ساڵێک لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەکە بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵیش بە میوانداریی گوندی “بێژوێ” بەڕێوە دەچێت و ١١ تیم بەشدارییان کردووە و لە کۆتاییدا سێ تیمی یەکەم خەڵات دەکرێن.
شایانی باسە کە ناوچەی ئالان سەر بە شاری سەردەشتە و لە ٣٩ گوند لە سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتووە و لەلایەن ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندییەوە پەراوێز و پشتگوێ خراوە.