ئەیوب ئەسەدی، بەندكراوی سیاسیی كورد لە زیندانی كاشمەر بە هۆی دیسكی پشت لە بارودۆخێكی خراپی جەستەییدا دەژی.
ئەیوب ئەسەدی بەندكراوی سیاسیی كورد بە تێپەڕكردنی زیاتر لە ٤ ساڵ لە زیندانە جیاجیاكانی ئێران مافی مەرەخسی وەرگرتنی نییەو لە پێڕاگەیشتنی پزیشكیش بێبەشەو ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە لە دەرەوی زیندانی بۆ چارەسەریی دیسكی پشتی لێ قەدەغە كراوە.
پێشتر ئیدارەی زیندانی كاشمەر ڕایگەیاندبوو كە ناوبراو لەم دادگایەیەت كە محاكمە كراوە دەبێ لەوێشەوە بڕیاری ناردنی بۆ نەخۆشخانە بدرێو، سەرەڕای ڕەزامەندیی دادگای شاری كامیاران و سنە لەگەڵ داواكاریی پێدانی مەرەخەسی و ناردنی بۆ نەخۆشخانە لە لایەن دادستانی كاشمەرەوە دژایەتیی لەگەڵ دەكرێ، ئەگەرچی بنەماڵەكەی سەندیش وەك بارمتە دادەنێن.
ئەم بەندكراوە سیاسییە ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ساڵی ٩٠ لەگەڵ محەممەدحوسێن ڕەزایی لەلایەن هێزەكانی سپای پاسداران لە دەورووبەری ئاوایی بۆریەر سەربە شاری سەوڵاوا دەسبەسەر كرا. پاشان هەر دووكیان بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە سنە گواسترانەوەو بۆ ماوەی نزیك بە ١ مانگ لەوێ ڕاگیران و لەسەر داوای ئیدارەی ئیتلاعاتیش بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیوی دیكە لە زیندانیی ئەمنیەتیی ئەم ناوەندە ئەمنیەتییەدا لە ژێر ئازارو ئەشكەنجەدا بوون.
ئەسەدی پاش ٨ مانگ ڕاگیران لە زیندانی ئیتلاعات، بۆ زیندانی مەریوان و لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوەو دواتر لە لایەن دادگای شۆڕش لە شاری سنە بە سەرۆكایەتیی قازی بابایی بە تۆمەتی هاوكاریكردنی یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی بەرهەڵسكاری ئێران دادگایی كراو حوكمی ٢٠ ساڵ زیندان و دوورخراوەیی بۆ زیندانی كاشمەری بۆ بڕایەوە.
ئەم بەندكراوە سیاسییە، ڕۆژی ٢٨ی خاكەلێوەی ساڵی ٩٢ حوكمەكەی بڕیاری جێبەجێكردنی لەسەر دراو لە زیندانی سنەوە بۆ زیندانی كاشمەر دوور خرایەوە.