حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان دەڵێ: بەرپرسانی سپای پاسداران ئیزنیان پێداوە کە مژاری هاتنەدەرەوەی سپای پاسداران لە لێستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا، نەکەنە کۆسپ لەسەر ڕێگای وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ” ئێنریکە مۆرا” جێگری بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا وتی: بڕیارنەدانی سیاسیی ئەمریکا لەهەمبەر لابردنی گەمارۆکان بەدژی ئێران، بەربەستێکی گرینگە لە دانیشتنەکانی ڤییەن بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی و ئێران لاچوونی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی ئێران، بە خاڵێکی سەرەکی و بەهێز لە ڕێککەوتنی ناوکیی دەزانێ.
لەکاتێکدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا یەکێک لە مەرجەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئەمریکا، لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکایی ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیران، یەکێک لە مەترسیدارترین گرووپە تێرۆریستەکانە لە جیهاندا کە لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکادایە.