ڕابێرت مالی، سەرەڕای ئاماژە بەوەی کە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ ئێراندا بە خێرایی و لە سەدا سەد نییە وتی: تەنانەت پاش ڕێککەوتنیش گەمارۆکان بەدژی ئێران درێژەی دەبێ.
ڕابێرت ماڵی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە دۆحە وتی: ئەگەر ڕێککەوتنی ناوکیی ناسراو بە “بەرجام” دووبارە بکرێتەوە، کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە تایبەتی لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا هەر دەمێنێتەوە و تەنانەت پاش ڕێککەوتنی ناوکیی، ئەو گەمارۆگەلەی کە جیاواز لە بەرنامەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بەدژی ئەو ڕێژیمە سەپێندراوە، درێژەی دەبێ.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێراندا تەنیا ڕەنگە گەمارۆ ناوکییەکان بەدژی ئێران کەم بکاتەوە ئەگینا گەمارۆکانی دیکە بە تایبەتی لەسەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا وپشتیوانیی ئەو ڕێژیمە لە گرووپە میلیشیا تێرۆریستەکان دەمێنێتەوە و ڕەنگە لە داهاتوودا ئەمریکا گەمارۆگەلێکی زیاتر و قورستریش بەسەر ئێراندا بسەپێنێ.
ڕابێرت مالی لە کۆتاییدا سەبارەت بە لابردنی سپای پاسداران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی وڵاتی ئەمریکا وتی: تا ئێستا ئەمریکا لەم پێوەندییەدا بڕیاری نەداوە و گەمارۆکان بەدژی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، تەنانەت پاش گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران هەر درێژەی دەبێ.