وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتی: ڕێژیمی ئێران، پشتیوانی لە هێرشی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆسەر عەرەبستان دەکا.
ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژە بە زۆربوونی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا پاش هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی “بەرجام”، سەرەڕای وتنی ئەوەی کە تاران پشتیوانی لە هێرشی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆسەر پاڵاوگە نەوتی و دامەزراوە مەدەنییەکانی عەرەبستان دەکا وتی: ئەمریکا هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆسەر ژێرخانە ئابوورییەکانی عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە توندی مەحکووم دەکا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرەڕای وتنی ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە چالاکییە ناوکییەکانی، هەوڵی ناسەقامگیریی ناوچەکە دەدا وتی: کاتێک کە ڕێژیمی ئێران، وەکوو هەڕەشەیەک بۆسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دەردەکەوێ، ئەمریکا درێژە بە ڕووبەڕووبوونەوەکانی بەدژی ڕێژیمی ئێران دەدا.
هەروەها “یائیر لاپید” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل له کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا وتی: ڕێژیمی ئێران، نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل بەڵکوو بۆ هەموو وڵاتانی جیهان کێشەیە و کۆمەڵگەی جیهانیی ئیزن نادا ڕێژیمی ئێران ببێتە زلهێزێکی ناوکیی.
ئانتۆنی بلینکێن لە کۆتاییدا بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە ئێرانێکی ناوکیی وتی: لەسەر چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە و پێشگرتن لە ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هاوڕاین و بەرنامە و پلانی هاوبەشمان هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلیش سەرەڕای ئاماژە بە جیاوازی بیر و بۆچوونەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە و پێشگرتن لە ئێرانێکی ناوکیی وتی: ئیسرائیل و ئەمریکا درێژە بە هاوکارییەکانیان لەسەر پەروەندەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران دەدەن.