لە حاڵێکدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی شەش لایەنەی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتی عەرەبی لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلی و ئەمریکاییەکان، بۆ ئیسرائیل سەفەری کرد، بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەو وڵاتە وتی: بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیە پەیامێکی ڕوونی بۆ ڕێژیمی ئێران هەیە.
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕادیۆی دەوڵەتیی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی پلەبەرزی ئەو وڵاتەوە ڕایگەیاند کە، ئامانجی سەرەکی ئەو کۆبوونەوەیە ئەوەکە کە بەرەیەکی بەهێزی یەکگرتوو بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێک بهێنرێ و ڕێژیمی ئێرانیش دەبێ ئەوە باش بزانێ کە ئەو کۆبوونەوەیە ڕاستەوخۆ پەیامێکی ڕوونی تێدایە بۆ تاران و پێویستە دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە کەم بکاتەوە و لەسەر هەموو بەڵێنە یاساییەکان پێبەند بێ و چیدیکە ڕێگە بە کردەوەی تێرۆریستیی میلیشیاکانی تاران نادەین لە ناوەچەکەدا و ناهێڵین ببێتە هەڕەشە بۆسەر سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانان.
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی شەش وڵاتی، ئیسرائیل، ئەمریکا، میسر، مەراکش، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و بەحرەین لە وڵاتی ئیسرائیل بەڕێوە چوو و بابەتی سەرەکیی ئەو کۆبوونەوەیە لەسەر هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەستدرێژییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ناوچەکەدا بوو و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک پێش بە کردەوەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بگیردرێ و لە هەمانکاتیشدا دەوڵەتی بایدێن نابێ سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی تێرۆر بسڕێتەوە.