پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی “ڕەحمان ئەسەدی، فەرهاد مەعرووفی، عوبەید ئەنوەری، ڕێبوار چارەکداری و جەلال قادرزادە” کە مانگی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، سەرجەم سزای ١٣ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری شنۆ بە سەرۆکایەتی قازیی بەکرێگیراو “ڕەزایی” سەرجەم سزای ١٣ بەندکرانی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر “ڕەحمان ئەسەدی، فەرهاد مەعرووفی، عوبەید ئەنوەری، ڕێبوار چارەکداری و جەلال قادرزادە”دا، سەپاند.
بەپێی ئەو سزایە کە بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییانە ڕاگەیەندراوە، ڕەحمان ئەسەدی سزای ٤ ساڵ، فەرهاد مەعرووفی سزای ٣ ساڵ، جەلال قادرزادە سزای ٣ ساڵ، عوبەید ئەنەوەری سزای ٢ ساڵ و ڕێبوار چارەکداری سزای ١ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵی ڕابردوو ئەو ٥ هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەسبەسەر کردبوو.