وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، بە ئاماژە بە کێشەکانی نێوان تاران و واشینگتۆن لە درێژەی دانوستانەکانی بەرجامدا، وتی: سڕینەوە ناوی سپای پاسداران لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا یەکێک لە گرینگترین داواکارییەکانی تارانە.
ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: لابردنی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ژمارەیەک دامەزراوەی حکوومی بەشێکی سەرەکی لە داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و ئەوەیکە لە ئێستا دانوستانەکانی بەرجامی ڕاگرتووە، بابەتگەلێکی کەمن کە لەلایەن ئەمریکاوە ڕاگیراوە و داواکاریی سەرەکیی ئێمە لە ئەمریکا ئەوەیکە کە دەبێ سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان بسڕێتەوە.
هەر لەو بارەوە ئەمریکاش بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندووە کە، مژاری سڕینەوەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی تێرۆر، پێوەندیی بە ڕووبەڕووبوونەوەکانی سپای پاسداران هەیە لە ناوچەکەدا و دەبێ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەڵێن بدا کە لە ناوچەکەدا دەستێوەردان نەکا و چیدیکە کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستی ئەنجام نەدا و نەبێتە هۆی ناسەقامگیری و تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ئەوەش پێویستە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نووسراوەی ڕەسمی لەو بارەوە بەڵین بە دەوڵەتی ئەمریکا بدا کە بە هیچ شێوەیەک کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام نادات.