وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە پەراوێزی بیستەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی “دۆحە” ڕوو بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: دەبێ بە زووترین کات پشتیوانیکردنی تاران لە میلیشیا حووسییەکان کۆتایی پێ بهێندرێ.
ڕۆژی شەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، فەیسەل بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعوودی، لەگەڵ ڕابێرت مالی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە بیستەمین کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی “دۆحە” لەسەر هاوکارییەکانی دوولایەن لەهەمبەر بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و هەوڵە هاوبەشەکانیان بۆ پێشگرتن لە سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە، وتووێژیان کرد و عەرەبستان ڕوو بە ئەمریکا وتی؛ دەبێ پشتوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیا حووسییەکان کۆتایی پێ بهێندرێ.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا ڕایگەیاند کە، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە بە هاوکاری و هەوڵی هەر دوولایەن پێش بە کردەوە تێرۆریستی و تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکەدا دەگرین و نابێ ڕێگە بدەین تاران لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە بێیتە هەڕەشە بۆ ناوچەکە؛ لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی عەرەبستان ڕوو بە هاوپەیمانانی ناوچەکە وتوویەتی؛ دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە بدەین کە کۆتایی بە پشتیوانیکردنی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیاکانی ناوچەکە بهێنێن و نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بدەین میلیشیا حووسییەکان بە پشتیوانیی تاران سەقامگیری ناوچەکە بخەنە مەترسییەوە.