كورتەفیلمی ماسی كە سامان حوسێنپوور ئەركی دەرهێنەریی ئەم فیلمەی وە ئەستۆ گرتووە، لە درێژەی سەركەوتنە نێودەوڵەتییەكانی خۆیدا ئەم جارە وەك تەنیا نوێنەری ئێران بۆ فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شیكاگۆ، یەكێك لە بڕواپێكراوترین و كۆنترین فستیڤاڵەكانی ئامریكا دەنێردرێ.
كورتەفیلمی ماسی كە كاری فیلمسازی كورد سامان حوسێنپوورە، لە بەشی لاوانی ژێر ٢٣ ساڵ و لە دووهەمین فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی شیكاگۆدا بەشدار دەبێ. لەم فستیڤاڵەدا چەند فیلمێكیش لە وڵاتانی ئامریكا، ئۆسلۆنی، بریتانیا، كانادا، ئاڵمان، دانمارك، هولەند، ڕووسیە و بلژیك پێشان دەدرێن.
تەوەری سەرەكیی كورتەفیلمی ماسی مەسەلەی كەم ئاوییە. ئەم كورتەفیلمە چیرۆكی پیرێژن و پیرەپیاوێكە كە بە دەست قەیرانی كەم ئاوی گرفتارنو لەگەڵی دەڕۆن.
سامان حوسێنپوور تا ئێستا كاری دەرهێنەری بۆ 3 كورتە فیلم کردوەو لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەكانی خۆیەوە لە فستیڤاڵە جۆراوجۆرە میللی و نێودەوڵەتییەكان بەشداری كردووە و چەندین خەڵاتی جۆراوجۆریشی پێ بەخشراوە.
ئەم فیلمسازە كوردە لە دایكبووی ساڵی ١٣٧١ و خەڵكی شاری سەقزە و لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە بە ڕۆڵ بینین لە شانۆدا دەستی بە چالاكییە هونەرییەكانی كردوە.