ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری ساڵانەی تایبەت بە دۆخی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو کردەوە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دا بۆ سێ جار لەلایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ مەحکووم کراوە، کە ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ گوێدان بە پەیمانە نێودەوڵەتییەکان لەپێناو پاراستن و مانەوەی خۆی زۆر بێبەزەییانە بەڕامبەر بە دژبەرانی سیاسی خۆی دەجووڵێتەوە و دوور لە هەموو ڕێسا و یاسایەک، تۆمەتی بێبنەمای “بەغی، محاربە، فەساد لەسەر زەوی” دەداتە پاڵ چالاکانی سیاسی و مەدەنی، هەر بۆیە ساڵی ڕابردوو وەک ساڵانی پێشوو بە دەسبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی بە تاک بە شێوە فەلەیی بۆ چەندین جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر و حوکمی قورسی بەندکران یان ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە.
هیچ گۆمان لەوە دا نییە و دکرێ ئەو ئامارانە زۆر لەوە زیاتر بن، بە هۆکاری ئەوەی کە لە کۆماری ئیسلامی دا دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری لەو بارەوە سەختە و زۆر جاریش خەڵک لە ترسی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان هەواڵی دەسبەسەرکردنی گیراوان بە میدیای ناکەن، هەر بۆیە ئەوەی لێرە دەخرێتە بەرچاو بەپێی ئەو ئامارە تۆمارکراوانەن کە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆماری کردوون.
لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ٤٠٩ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ژینگەپاڕێز و مامۆستای زمانی کوردی بە تۆمەتی دژایەتیکردن لەگەڵ سیستمی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کراون کە زۆرێک لەو هاووڵاتییانە بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژوورە تاکە کەسییەکان لەژێر ئەشکەنجەدا، لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە.
لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو واتە ساڵی١٤٠٠ی هەتاوی، ١١٣ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی حوکمی قورسی بەندکران یان ئێعدامیان بەسەردا سەپێندراوە کە لەسەر یەک بە :
١- ٤٩٦ساڵ و ٨مانگ و ١٤ ڕؤژ بەندکرانی تەعزیری
٢- ٥ساڵ و ٧مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو
٣- ٤ساڵ قەدەغەی سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات
٤- ٢٣ساڵ دوورخستنەوە لە زێدی خۆیان
٥- ١٠٤میلیۆن تمەن پێبژاردن
٦- ٢٤٠ زەربە قامچی
٧- ٤کەس لەو هاووڵاتییە حوکمدراوانە بە سزای ناڕەوای ئێعدام مەحکووم کراون
ئەوەی جێگای سەرەنجە لە ناو ئاماری دەسبەسەرکراواندا، ٢٣ کەس لە چالاکانی ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێن کە ١٤ کەس لەو ژنانە حوکمی قورسی بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
جێگای ئاماژەیە کە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دا ٧ کەس لە گیراوانی سیاسی لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا گیانیان لەدەست داوە.