دایە پیرۆز شەنگە، خاتوونێکی کوردپەروەر و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ۱٤۰۱ی هەتاوی، دایە “پێروز شەنگە” خێزانی عەبدوڵا شەنگە خەڵکی گۆندی بەفرەوان سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لە تەمەنی ۸۱ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە پیرۆز شەنگە لە ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی وەک ئەندامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان دەستی بە چالاکی بە شێوەی خەباتی نهێنی کرد و زور دڵسوزانە ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند و ئەوەی لە توانای دابوو لە هاوکاریکردنی کادرکانی کۆمیتەی ناوچەی شاروێران و پێشمەرگاکانی هێزی پێشەوا درێغی نەدەکرد؛ هەر بەو هۆیەشەوە ناوبراو زۆرجار تووشی هەڕەشە و گرتن لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری میاندواو بۆتەوە. دایە پیرۆز ساڵی ١٣٦٨ ماوی نیزیک بە یەک ساڵ بەهۆی هاوکاریی هێزی پێشمەرگە لە زیندانی شاری میاندواو گیرا، بەڵام هیچ کات لە بیروباوەڕی حیزبی و کوردانەی پاشگەز نەبووە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی دایە پیرۆز شەنگە، سەرەخۆشی لە بنەمەڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەکانی شاروێران ومحاڵی شازدەی مەهاباد دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.