هێرشی میلیشیا حووسییەکان بۆسەر دامەزراوە نەوتی و کانزاکان لە عەرەبستانی سعوودی ، شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لێکەوتەوە.
ڕۆژی هەینی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە، میسر، ئۆردۆن، ئیمارات، کوەیت، بەحرەین و سکرتێری گشتیی یەگرتووی عەرەبی و سکرتێری گشتیی شۆرای هاوکاری کەنداو، هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان و شوێنە مەدەنییەکانی عەرەبستانی سعوودی مەحکووم کرد و ئەو هێرشەیان بە هەنگاوێکی مەترسیدار وەسف کرد.
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا وێڕای مەحکوومکردنی هێرشی میلیشیا حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی “ئارامکۆ”ـی شاری جەددەی عەرەبستانی سعوودی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە هاوکارییکردن لەگەڵ هاوپەیمانانی خۆی لە ناوچەکەدا سیستمەکانی بەرگریی سعوودیە بەهێزتر دەکەن بۆ ئەوەی بەرپەرچی هێرشی میلیشاکانی سەربە تاران بدەنەوە و ئەو هێرشە بە دەستدرێژی کردن بەدژی خەڵکی مەدەنی و هەزاران ئەمریکایی لەو وڵاتە ناوبرد و ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێ هاوپەیمانان لە ناوچەکە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران ببنەوە.