یەکەمین ژمارەی دەمنامەی تایبەت بە هونەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.
یەکەمین بڵاوکراوەی تایبەت بە هونەر لە چوارچێوەی دەمنامە و لەژێر ناوی “دەمنامەی هونەر” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتە سەر ڕەوڕەوی وەشان و یەکەم ژمارەی ئەم دەمنامەیەش کە بۆ سینەمای کوردستان تەرخان کرابوو، لە دووتوێی ١٣٢ لاپەڕەدا لەلایەن لێژنەی هونەری ناوەندی نووسەرانی کوردستان ئامادە کرا و لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا چاپ و بڵاوکرایەوە.
ناوەڕۆکی ئەم دەمنامەیە، پاش سەروتار، بریتییە لە ١٥ وتار، وتووێژ و وەرگێڕانی تایبەت بە سینەما و بەتایبەت سینەمای کوردستان، جێی ئاماژەیە کە ئەمە یەکەمجارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوکراوەیەک تایبەت بە هونەر بڵاو دەکرێتەوە.
شایانی باسە کە ڕەوڕەوی ئەم دەمنامەیە لە ڕاستای خزمەت بە هونەری کوردی و هونەرمەندانی کوردستان، ئاوڕدانەوەیەک لە هونەر بەگشتی و پێناسەکردنەوەی هونەری کوردی بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە، دەوڵەمەندکردنی سەرچاوە کوردییەکان لە بواری هونەر هەم بە شێوەی سەرهێڵ و هەم لە کتێبخانە کوردی، هەروەها پاڵپشتیکردن و ڕێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی هونەرمەندانی کوردستانە.