کەسایەتییەکی خۆشناو و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی مەهاباد بەتایبەت لاوەکان لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ۱٤۰۱ی هەتاوی، لوقمان ئەفشین کوڕی وەستا قادر لەدایکبووی مەهاباد و پەوەردەکراو لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و نیشتیماندۆست ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک لوقمان لە سەرەتای ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک لە ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاویدا، وێڕای هاوتەمەنەکانی خۆی چالاکانە بەشداریی رێپێوانەکانی دەکرد و ئەو هەست و خرۆشە کوردانەیەی بە بوونی عوسمان ئەفشین کە یەکێک لە فەرماندە لێوەشاوەکانی هیزی شەهید پێشەوا بوو زیاتر گەشەی کرد و زۆر جاران بە خۆی و بنەماڵەکەی دەکەوتنە بەر شاڵاوی لێدان و ئەشکەنجە و زیندانی ئیتلاعاتی سپای مەهاباد و لە ساڵی ۱۳٦٤ بە تاوانی ئەندامبوون لە حیزبدا دەگیرێ و ماوەی ساڵێک لەژێر ئازار و ئەشکەنجەدا٫ خۆڕاگر دەبێ و دوای ئازادبوونیشی وەک کەسایەتێکی خۆشناو و جێگای ڕێز و متمانەی خەڵک و لاوەکان هەتا کاتی ماڵاواییکردنی لە ژیان بە شانازییەوە درێژه بە ژیان دەدا.
جێی ئاماژەیە کە کاک لوقمان ئەفشین بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە لە نەخۆشخانەی مەهاباد کۆچیدوایی کرد و لەنێو ئاپۆڕای کۆمەڵانی خەڵکدا لە گۆڕستانی مەهاباد بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک لوقمان ئەفشین، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شۆڕشگێڕی “ئەفشین” و خەڵکی نیشتمانپەروەری مەهاباد دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.