محەممەد عەبدوڵازادە، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سەرشیوی سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ۳ی خاکەلێوەی ۱٤۰۱ی هەتاوی، محەممەد عەبدوڵازادە پێشمەرگەی پێشووی حیزب لە ئاوایی سێفەتاڵی ناوچەی سەرشیوی سەقز بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەممەد کەسێکی نیشتمانپەروەر و خەمخۆری دۆزی ڕەوای گەلەکەی بوو و دوای ڕاگەیاندنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ڕەشەمەی ساڵی ۱۳٥۷ی هەتاوی بۆ ماوەی چەند ساڵ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە.
ناوبراو دوای گەڕانەوەی بۆ نێو بنەماڵەکەشی لەسەر ئیجازەی حیزب، تا دواهەناسە هەر وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچیدوایی کاک محەممەد عەبدوڵازادە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و سەرجەم خەڵکی شۆڕشگێڕی ناوچەی سەرشیوی سەقز دەکا و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.