ڕێوەڕەسمی نەورۆزی کوردەواری لە گوندەکانی مێراو، نستان و قەرەقشڵاق لە دۆخێکی میلیتایزەی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەڕێوە چوو.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، سەرەڕای میلتاریزەبوونی گوندەکانی مێراو سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، نستان سەر بە شاری ڕەبەت و قەرەقشڵاق سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد لەلایەن هێزە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، بەبۆنەی نەورۆزی کوردەواری و سەری ساڵی نوێی کوردی، ڕێوەڕەسمگەلێکی بەشکۆ و بە هێما کوردییەکانەوە بەڕێوە چوو.
شایانی باسە کە هێزە تێرۆریستییەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم، چەند ڕۆژ پێش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی مێراو، بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان و بەندکراوانی سیاسیی لەو گوندە بانگهێشت کردووە و پێیانی ڕاگەیاندووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک لە بەڕێوەبەربردنی ئەو ڕێوڕەسمەدا هیچ ڕۆڵێکیان هەبێت و هەرەشەی ئەوەشیان کردووە کە نابێت ئەو بانگهێشت و هەڕەشەکردنە بە ڕاگەیاندن بکرێت.