کارناسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی شۆرای ئورووپا دەڵێ: بە ئەگەری زۆر پوتین هەوڵەکانی خۆی زیاتر دەکا و پەنا دەباتە بەر شەڕی هەمە لایانە بۆ ئەوەی کە ئۆکراین خۆی ڕادەستی ڕووسیە بکا.
شارێل میشێل، سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتوویژێکی تایبەتدا لەگەڵ هەواڵدەریی” سیئێنئێن” سەبارەت بە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وتی: ڕووسیە دەبێ لە ئاکامدا شکست بخوا و ئەمە بابەتێکی گرینگی ئەمنییەتییە بۆ داهاتووی ئورووپا وجیهان.
ناوبراو هەروەها سەبارەت بە ئاگربەس لە نێوان ڕووسیە و ئۆکراین و کۆتایی بەو شەڕە وتی: ئێمە دڵنیا نین لە نیازپاکی ڕووسیە بۆ ئاگر بەس بەڵام لە وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەس لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین کە زیاتر پشتگیری ئۆکراین بکەین کە بتوانێ لە وتووێژی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ ڕووسیە هێزێکی یەکسان و بەرابەری بۆ وتووێژ هەبێ.