ناوەندی گەشە و پێشکەوتنی کوردی لە بریتانیا بەرنامەیەکی تایبەتی بەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆزەوە لە پەرلەمانی بریتانیا رێکخست.
لەم بۆنە تایبەتییەدا کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی مارسی ٢٠٢٢ لە پەرلەمانی بریتانیا بەڕێوە چوو، وەزیری رۆشنبیریی بریتانیا بەرێز” نەدیم زھاوی” و بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا، ئاکادێمیست و نوێنەری بەشێک لە حیزب و لایەنەکانی کوردستانییەکان و ڕەوەندی کورد لە بریتانیا بەشدار بوون.
لەم ڕێوڕەسمەدا هەیئەتێکی کۆمیتەی بریتانیای حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوون و لە پەراوێزی بەرنامەکاندا لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە بانگهێشتکراوان و ئەندامی پەرلەمانی بریتانیا و وەزیری رۆشنبیری، نەدیم زەهاوی چاوپێکەوتنیان هەبوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا وەزیری رۆشنبیری بریتانیا و چەندین کەسایەتی سیاسیی کورد وەکوو “عوسمان بایدەمیر”و ئەندامانی پەرلەمانی بریتانیا کە دۆست و هاوسۆزی پرسی کوردن وتاریان پێشکەش کرد.
بەشی کۆتایی ئەو رێورەسمە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان کۆتایی پێهات.