عەرەبستانی سعوودی: جیهان دەبێ مەترسیی پشتیوانیکردنی چەکۆچۆڵیی ڕێژیمی ئێران بۆ حووسییەکانی یەمەن هەست پێ بکا و لەدژی بوەستێتەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی خاکەلێوەی ٤٠١ی هەتاوی، شۆرای وەزیرانی عەرەبستانی سعوودی هۆشداری بە کۆمەڵگەی جیهانی دا کە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ ناردنی مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پشتیوانیکردنی ئەو ڕێژیمە لە حووسییەکانی یەمەن، دەبێتە مەترسی بۆسەر جیهان. هەیئەتی دەوڵەتی سعوودی لەو دانیشتنەدا لێبڕاوانە داوا لە جیهان دەکا کە لە بەرامبەر هێرشی میلیشیا حووسییەکاندا بوەستنەوە و دەبێ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی هەست بەو مەترسییە کە بە دۆخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێ و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆسەر ئەمنییەتی جیهان، بکا و پێش بە سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران بگرن بۆ پشتیوانیکردن لەو گرووپە.
جێی ئاماژەیە کە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێ لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ئەنجامدانی چەند هێرشی جۆراوجۆر بە مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هەوڵی بە ئامانج گرتنی شوێنە مەدەنی و ئابوورییەکانی عەربستانی سعوودییان داوە.