محەممەد غەرەزی، وەزیری پێشووی نەوت وێڕای دانە بەر ڕەخنەی بارودۆخی قاچاغ لە ئێران، دیاردەی قاچاغی بە هۆكاری سەرەكیی بێكاری لەم وڵاتە ناو برد.
محەممەد غەرەزی دەڵێ بڕی قاچاغی کاڵا لە ئێران لە ٢٥ میلیارد دۆلاری تێپەڕاندووەو ئەگەر كاربەدەستان تەنیا بتوانن ڕێگری لە قاچاغ بكەن، نەك هەر پێشیان بە زۆربوونی ئاستی بێكاری گرتووە، بەڵكوو زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار هەلی کاریی نوێشیان خوڵقاندوە.
ناوبراو لە درێژەی قسەكانیدا پێداگری كردەوە کە سەرباری ئەو وەزعە كاربەدەستانی پێوەندیدار هیچ هەوڵێكی جیددیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ قاچاغ نەداوە.
وەزیری پێشووی نەوت لە بابەت بەرزبوونەوەی نرخی بێكاری گوتی: یەكێك لە سەرەكیترین هۆكارەكانی بەرزبوونی نرخی بێكاری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا داخرانی کارگا بچووكو گەورەكانی بەرهەمهێنان لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی ئێران بووە كە حەشمیمەتێكی زۆر لەم كارگاو یەکە سەنعەتییانەدا خەریكی كار بوونو داخرانی ئەم یەكە بەرهەمهێنەرانە بێكار بوونی ئەوانیشی لێ كەوتەوە.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بە سیاسەتی چەوتی ئابووریی دەوڵەت گوتی: كۆمەڵە گرفتێكی وەك بیمە، ماڵیات، سزاكانو بۆرۆکڕاسیی ئاڵۆز لەبەردەم بەرهەمهێنەران وای کردوە ئەوان دەست لەو کارانە بشۆنەوەو لە ئەنجامدا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ حەشیمەتی بێكارانی ئەم وڵاتە زیاتر بن.
شایانی باسە داننانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم بە قاچاغی ٢٥ میلیارد دۆلار کاڵا لە ئێران لە حاڵێک دایە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو قاچاغە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی لە پشتە.