سەرەڕای هەڕەشە و گەمارۆی هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم لە ئاوایی گاوەرە سەر بە شاری سنە و هەروەها شاری شنۆ ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆزی کوردەواری بەشکۆوە بەڕێوە چوو.
بەپێی زانیارییەکانی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەرەڕای هێرشی بەکرێگیراوانی رێژیم بە چەکی سووک و نیوەسووکەوە بۆسەر ئاوایی گاوەرە، سەر بە شاری سنە و گەمارۆی ئەو گوندە، نەورۆزێکی بەتەواوەتی کوردانە و نیشتمانیی بە هێما کوردییەکانەوە بەڕێوە چوو.
ڕۆژی ١ی خاکەلێوەی ١٤٠١ی هەتاوی، دەیان بەکرێگیراوی ئیتلاعات و سپای تێرۆریستی پاسداران بە چەندین ماشین و چەکی جۆری دۆشکا، بی کەی سی، قەناسە و کڵاشینکۆف، هێرشیان کردە سەر ئاوایی گاوەرە کە ڕێوڕەسمی نەورۆزی تێدا بەڕێوە دەچوو و و بە گەمارۆی ئاوایی و هەروەها سەنگەرگرتن لە چواردەوری ئاوایی، دابەستنی دۆشکا و بی کەی سی لە چەندین لاوە و هەروەها سەنگەرگرتن لەسەر بانی ماڵەکان و ڕێگریی کردن لە هاتنی ماشینەکان بۆ نێو ئاوایی و هەڕەشە و گوڕەشە لە خەڵکی ئاوایی و میوانەکانیش، ویستیان خەڵک بترسێنن و پێش بە ڕێوڕەسمەکە بگرن، بەڵام خەلکی تێکۆشەر و نیشتماندۆستی گاوەرە و هەموو ئەوانەی کە لەو رێوڕەسمەدا بەشدار بوون بە تەواوی دوژمنیان سووک کرد و نەک هەر ئیرادەیان کەم نەبوو و نەترسان بەڵکوو شێلگیرانەتر و بە هەڵگرتنی جامانە و گوڵی سوور و پێکەوەمانەوەی ژن و پیاو، زۆر بە حەماسەتەوە نەورۆزی ئەمساڵیان کردە دیارییەکی بەنرخ بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەمان و چقڵی چاوی داگیرکەران و گوریسەکانیان لێکردن بە خوری.
هەروەها لەو چوارچێوەیەدا لە شاری شنۆ لاوانی شۆڕشگێڕ ڕووبەڕووی هێزە دژیگەلییەکانی ڕێژیم بوونەوە و جێژنی نەورۆزیان بەشکۆوە بەڕێوە برد، لە دژکردەوەدا هێزە تێرۆریستەکانی بەناو ئینتزامیی ڕێژیم گازی فرمێسکڕێژ و فیشەکیان بەرامبەر لاوانی شۆڕشگێڕی شنۆ بەکار هێنا و چەند لاوی شنۆیی بەهۆی هێرشی هێزی دژیگەلیی ئینتزامیی ڕێژیم لەو شاره بریندار بوون.