ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٤٠٠دا زیاتر لە ١٣٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٥٥ کەس لەوانی تۆمار کردوە، ئەوە جیا لەو سەدان کەسەی بەهۆی ڕووداوی کار و لە نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکاندا بریندار و نقوستان بوون.
“چاونیوز” ساڵی پێشتر (١٣٩٩)ش ناوی ٧٦ کرێکاری کورد لەو سەدان کرێکارەی بڵاو کردبۆوە کە ببوونە قوربانیی ڕووداوی کار.
گیان لەدەست دان و نقوستانبوونی کرێکاران لە کوردستان بەهۆی ڕووداوی کارەوە لە حاڵێک دایە کە تەنیا سەدی ١٠ی ئەم كرێكارانەی لە کاتی كاركرندا تووشی ڕووداوی کار ده‌بن بیمەن و، سەدی ٩٠ی کرێکاران، به تایبه‌ت کرێکارانی که‌رتی بیناسازی لەژێر چاودێریی هیچ بیمەیه‌کدا نین.
هەروەها بارودۆخی کرێکارانی کورد له ساڵی ١٤٠٠دا دڵته‌زێنتر و ناله‌بارتر له ساڵانی پێشوو بوو. بەهۆی پەتای کۆڕۆنا، قەیرانی ئابووری و ئاوسانی بازاڕ توانای کڕینی کرێکاران چەند هیندەی دیکەش لە کەمی دا. سەرباری ئەمەش مووچه و حه‌قده‌ستی کرێکاران له زۆربه‌ی کارخانه و ئیداره ده‌وڵه‌تییه‌کانی وه‌ک شاره‌وانی سێ مانگ و ته‌نانه‌ت شه‌ش مانگ دوا که‌وت و ئه‌وه جیا له‌وه‌ی ده‌رکردن له کار و بێکارکرانیان هه‌میشه وه‌ک مۆته‌که به‌سه‌ریانه‌وه بووه.