ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٧٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣٣ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە.
بەپێی زانیارییەکانی “چاونیوز” لەو ٣٣ کەسە ٢٣ کەسیان بریندار و نقوستان بوون و ١٠ کەسیشیان گیانیان لەدەست داوە. ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بوو. بەپێی زانیارییەکانی “چاونیوز” لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان و ١٠ کەسیشیان کوژرابوون.
خاڵێکی گرینگ لە پێوەندی لەگەڵ تەقینەوەی مین لە کوردستان ئاشکرانەکردنی ناو و ناسناوی قوربانییان لەلایەن ناوەندی رەسمییەکانی حکوومەتە. بۆ نموونە مەجید کاکی، فەرمانداری شاری مێهران لە سەرماوەزی ئەمساڵ و لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “فارس” ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، تەنیا لە شاری مێهران ٧ تەقینەوەی مین ڕووی داوە کە بەو هۆیەوە کەسێک کوژراوە و ١٠ کەسیش بریندار بوون، لە حاڵێکدا کە ناو و زانیاریی کەسیی ئەو ١١ کەسە لە هیچ سەرچاوەیەکی هەواڵدا تۆمار نەکراوە.