لە ماوەی ساڵی ١٤٠٠دا لانیکەم ٥٨١ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لەو ٥٨١ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٣١ کەسیان دادگایی و سزای لە مانگێک تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و سەرجەم ٦٦٨٩ مانگ (٥٥٧ ساڵ و ٥ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی (١٣٩٩)یشدا لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩دا دەسبەسەر کرابوون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان (سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بە سەردا سەپابوو.