٢١٧ کۆڵبەری کورد لە ساڵی ڕابردوودا کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی “چاونیوز” لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (١٤٠٠ی هەتاوی)دا ٢١٧ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەری دەخەن کە لەو ٢١٧ قوربانییەی ئەمساڵ ٥٥ کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەست داوە، هەروەها ١٦٢ کەسیش بریندار بوون.
شایانی باسە لە ساڵی (١٣٩٩)یشدا ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەقهەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دابوو و بریندار ببوون. لەو ٢٢٦ قوربانییەی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی ٨٠ کەسیان کوژرابوون و هەروەها ١٤٦ کەسیش بریندار ببوون.