هەرچەند هیچكات گەشتی ئیرشاد شەقامەكانی چۆڵ نەكردوە، بەڵام هاوكات لەگەڵ هاتنەوەی وەزری گەرما مانۆڕی سەرشەقامی خۆی زیاتر کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی فارس لە ڕۆژی شەممە ٢٨ی خاكەلێوەڕا گەشتەكانی ئیرشاد لە گەورە ڕێیەكان، لە سەر شەقامە پڕ هاتوچۆكانو لە نێو بازاڕو لە ناوەندە تیجارییەكان جێگیر كراون تا بە قەولی خۆیان بە شێوەیەكی لێبڕاوانەو شێلگیرانە لەگەڵ بەدحیجابو بەدپۆشەكان بەرەوڕوو ببنەوە.
مانگی خەزەڵوەری ڕابردووش، محەممەدسەعید مونتەزیرئەلمەهدی، جێگری كۆمەڵایەتیی هێزی ئینتزامیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، وێڕای ئاماژە بەو ڕاپۆرتانەی گوایە لەسەر “ڕەچاو نەكردنی حیجاب و عیفاف لە قوم” پێیان دراوە، گوتی ژمارەی گەشتەكانی ئیرشاد ٤٠ بەرابەر زیاتر كراون.
كارناسانی كۆمەڵایەتی دەڵێن لە دەوڵەتی ڕووحانیشدا گەشتی ئیرشاد بەردەوام هاتۆتە سەر شەقامەكانو هەڕەشەیان لە ژنان كردووە، لە لایەكی دیكەوە ژنانیش بە بەردەوامی جۆری جلو بەرگی جێی پەسندی ڕێژیمیان ڕەد کردۆتەوەو لە ڕێگەی سەرپێچیی مەدەنییەوە لە بەجێ گەیاندنی ئەم فەرمانەی ڕێژیم خۆ دەدزنەوە.