ڕۆژی ١٨ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٦٢ی هه‌تاوی سەید ئەمیری عەبدی وێڕای شەش که‌س له هاوسه‌نگه‌رانی بۆ شناسایی پێگه و دامه‌زراوه‌کانی ڕێژیم ده‌چنه ناوچه‌ی حوسێنئاوای سنه. له گه‌ڕانه‌وه‌دا شه‌ویان به‌سه‌ر دادێ و له گوندی “کێله‌چه‌رموو” ده‌مێننه‌وه. به‌داخه‌وه به‌هۆی خۆفرۆشانەوە دوژمن هه‌ست به بوونیان له‌و گوندەدا ده‌کا و سه‌عات ٣ی نیوه‌شه‌وی ١٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ر ده‌وروبەری گونده‌کە و به‌تایبه‌تی شوێنی مانه‌وه‌یان گەمارۆ ده‌ده‌ن. هێزەکانی دوژمن هه‌وڵ ده‌ده‌ن که به دیلیان بگرن، به‌ڵام ئه‌وان له ئەزموونی چەند ساڵەی تێکۆشان‌دا کە فێر ببوون چۆن خۆڕاگر بن، بۆیه سه‌نگه‌ر له دژمن ده‌گرن و شه‌ڕێکی نابه‌رانبه‌ر ده‌ست پێ ده‌کەن. پاش دوو سەعات شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه به‌داخه‌وه سەید ئەمیر عەبدی لەگەڵ عوسمانی دادخا، فه‌رمانده‌ی هیزی شه‌ریفزاده و پێنج هاوسه‌نگه‌ری دیکه‌یان به ناوه‌کانی: محەممەد ڕه‌حیمی (جێگری لک)، سه‌ید خالید حوسێنی (سه‌رپه‌ل)، سمایل ناسری (پێشمه‌رگه‌ی ئه‌رکانی هێز)، وه‌ستا ساڵح ناسری (پێشمه‌رگه)، محه‌ممه‌د ساڵح ته‌هماسبی (پێشمه‌رگه) شه‌هید بوون و ڕێگای خه‌باتیان به هاوسه‌نگه‌رانیان سپارد. هەرچەند شەهیدبوونی یەک بە دوای یەکی دوو فه‌رمانده له ماوه‌ی سێ مانگدا بە تایبەت بۆ پێشمەرگەکانی هێزی شەریفزادە داخێکی زۆر گران بوو، بەڵام پێشمه‌رگەکانی ناوچه‌ی سنه نه‌ک وره‌یان به‌ر نه‌دا، به‌ڵکوو چه‌ندین عه‌مه‌لیاتی ئازایانه‌یان به یادی ئه‌وان به‌ڕێوه برد و یادی فه‌رمانده شه‌هیده‌کانیان هه‌میشه زیندوو ڕاگرت. “هەگبەی شاخ و شۆڕش”ی ئەو جارە یادی ئەو قارەمانە بەرز ڕادەگرێ.
شەهید سەیدئەمیر عەبدی ساڵی ١٣٣٥ لە گەڕەکی جه‌وراوا -کە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری سنەیە- لە بنەماڵەیەکی خۆشناوی ئەو شارەدا چاوی بە دنیای ڕوون هەڵێنا. باوکی کاسبکار بوو و ئەمیر لەژیر سێبەری باوکی زەحمەتکێشدا هەڵی دا و بەڕێی قوتابخانە کرا. ژیانی ئەمیر هەتا شۆڕشی گەلانی ئیران وەک زۆربەی خەڵکی ئاسایی شاری سنە تێپەڕی. بەڵام ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان سەید ئەمیر وەک زۆربەی خەڵکی شاری سنە هەتا سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران به‌سه‌ر حكوومه‌تی پاشایه‌تیدا بەشداریی هەموو چالاکی و خۆپیشاندانەکانی کرد.
پاش ئاشكرابوونی تێكۆشانی حیزبی دێموكراتی كوردستان، هه‌ستی كوردایه‌تی پتر له‌نێو دڵیدا گه‌رای كرد. ئه‌و ئاواته‌خوازی ڕزگاریی گه‌له‌كه‌ی له‌و دۆخە بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کاتێک بنکەی حیزبی لەشاری سنە دامەزرا، بێ سێ‌ودوو لێکردن ڕیزی پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێموكراتی هه‌ڵبژارد و له هێزی شەریفزادە سازمان درا. ناوبراو هه‌ر لە سەرەتاوە بوێری و ئازایەتیی خۆی پێشان دا. لە شەڕەکانی پادگانی سنە لە سالی ١٣٥٨ و هەروەها لە شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنە لە بەهاری ١٣٥٩ ئازایەتییەکەی کەوتە سەر زاران ولە شەڕەکانی کامیاران، چەمشاری سنە، چەمقەسابخانە، “سەداوسیما”، چەمباورێز و زۆر شوێنی دیکە بەشداری کرد و ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی بەجێهێنا.
پاش ئەوەی شاری سنە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی تازەی کۆماری ئیسلامییەوە داگیر کرا و پیشمەرگە ڕووی لە گوندەکان و چیاکانی کوردستان کرد، سەید ئەمیر وەک سەرپەل دیاری کرا. ناوبراو وەک فەرماندەیەکی باش لە ناوچەکانی لەیلاخ، حوسێن‌ئاوا، کەڵاتەرزان و چوونەوە نێوشاری سنە بەدژی داگیرکەران عەمەلیاتی ئازایانەی بەڕێوە دەبرد، تەنانەت لە ناوچەی حوسێن‌ئاوا تیمێک لە هێزەکانی ڕێژیمی بە دیل گرت. ئەو نیشانی دا ڕۆڵه‌یه‌كی قاره‌مانی ڕێگای ئامانجه نهتهوایهتییهكانی گه‌له‌كه‌یه‌تی و هه‌ر مه‌ئمووریه‌تێكی پێیان ده‌سپارد به‌بێ ڕاوه‌ستان به‌ڕێوه‌ی ده‌برد. له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی ڕووخۆش و له‌سه‌رەخۆ بوو. ئیمانێكی قووڵی به ئامانجه‌كانی حیزبه‌كه‌ی و گه‌له‌كه‌ی هه‌بوو. ئه‌و له ماوه‌یه‌كی كورتدا جێگه‌ی خۆی له‌نێو ڕیزی پێشمه‌رگه‌كاندا كرده‌وه و وه‌ك پێشمه‌رگه و فەرماندەیەکی به ئیمان و دڵسۆز و خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ ناسرا. سەید ئەمیر له به‌رێوه‌بردنی كاره حیزبی و پێئهسپێردراوهكانیدا جیددی و ڕێك‌وپێك بوو. نموونه‌ی پێشمه‌رگه‌ی خاوه‌ن نه‌زم و دیسیپلین بوو، لێهاتوویی، فیداكاری و ئازایه‌تیی سەید ئەمیر بوو به هۆی ئه‌وه كه وه‌ك فه‌رمانده‌ری لک لە هێزی شەریفزادە دیاری بكرێ.
شەهید سەید ئەمیر کاتێک بە فەرماندەی لک دیاری کرا، بۆ ئەرکی حیزبی چووە زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان. به‌شداریی سه‌ید ئه‌میر لە شەڕەکانی ناوچەی ژاوەرۆ، گاوەرە، بێڵەواری کامیاران، سونقوڕ و کولیایی و زۆر شوێنی دی بۆ هەمیشە لە دەفتەری بیرەوەریی پێشمەرگەکانی هێزی شەریفزادەدا ماوەتەوە. کاتێکیش مۆڵگەی دژمن لە “کالیسەر” لەسەر جادەی کامیاران-مەریوان دەستی بەسەردا گیرا بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن ئەمیری فەرماندەوە پارێزگاری لێ کرا کە وەک شوێنێکی ستراتیژی بایەخی زۆری هەبوو.
شەهید سەیدئەمیر عەبدی فەرماندەیەکی بەهەست، ڕوح‌سووک بوو و لەگەڵ پێشمەرگەکان وەک برایەکی باش هەڵسوکەوتی دەکرد. لە هیچ ئەرکێکی حیزبی درێغی نەدەکرد و ئەوەی لە توانایدا بوو لەباری سیاسیەوە بە هاوڕێیانی خۆی دەگوتەوە. ئه‌و هه‌میشه له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه بوو كه پێشمه‌رگه ده‌بێ نموونه‌ی ئه‌خلاق بێ.
هەروەک پێشتر باس کرا، نیوەشەوی ١٩ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی سەید ئەمیر عەبدی وێرای فەرماندەکەی عوسمان دادخا و پێنج که‌سی دی له هاوسه‌نگه‌رانیان بۆ شناسایی پێگه و دامه‌زراوه‌کانی ڕێژیم ده‌چنه ناوچه‌ی حوسێنئاوای سنه و پاشان لەلایەن هێزکانی ڕێژیمەوە گەمارۆ دەدرێن و دەکەونە شەڕ و بەرگرییەکی سەختەوە. له‌و شه‌ڕه‌دا سەید ئەمیر عەبدی سینگی به گولله‌ی دوژمن پێكرا و دڵە گەرم و گەورەکەی کە پڕ خۆشەویستیی نیشتمان بوو، بۆ هه‌میشه له لێدان ڕاوەستا و خوێنی گەشی ڕژایه سه‌ر خاكی كوردستان و بوو به گوڵاڵه سووره‌ی قه‌د شاخه‌كانی گوندی کێلەچەرموو.
بەمجۆرە کوڕی زەحمەتکێشی دێموکرات لە ٢٧ــەمین ساڵی ژیانیدا گوڵی تەمەنی لە پاییزدا هەڵپڕووکا، بەڵام ناو و یاد و بیرەوەرییەکانی بۆ هەمیشە لەنێو دڵی نەتەوەکەیدا هەرمان کرد.