کەماڵ شەریفی، زیندانیی سیاسیی کوردی دوورخراوە بۆ زیندانی میناب لە کاتێکدا هەشتەمین ساڵی بەندکرانی تێپەڕ دەکا کە لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەشەو لە هەموو ئەو ساڵانەدا تەنیا جارێک توانیویەتی لە نیزیکەوە چاوی بە دایکی بکەوێ.
کەسێکی نیزیک لە بنەماڵەی کەماڵ شەریفی لە لێدوانێکدا بۆ هێرانا گوتی کەماڵ دوای گیرانیو بەهۆی ئەشکەنجەو جەزرەبەدانی لە زیندانی ئیتلاعات تووشی نەخۆشیی ئێسکو دەمار هاتووەو تاندۆنەکانی لاقی کێشەیان بۆ دروست بووە. ئەو دەڵێ بەهۆی ئەو نەخۆشییە توانای وەرزشی بەیانییانی زیندانی نییەو لەبەر ئەوەش کە پێی ڕاناگەن، نەخۆشییەکەی هەر دیو لێی پیس دەکا. ئەو تا ئێستا چەند جار سەردانی دەرمانخانەی زیندانی کردوە، بەڵام ئەوەی دەیدرێتێ لە چەند حەبی ئازارشکێنی ئاسایی زیاتر نییە. بەرپرسانی زیندانیش لەگەڵ ئەوەی دەزانن پێویستە بۆ چارەسەری بەڕێی نەخۆشخانەیەک لە دەرەوەی زیندان بکرێ، ئەو بابەتە پشتگوێ دەخەن.
ئەو سەرچاوەیە بە ئاماژە بە سنوورداربوونی پێوەندییەکانی کەماڵ شەریفی لەگەڵ بنەماڵەکەی گوتی: باوکی پێش مردنی بە ئاواتەوە بوو جارێکی دیکەش چاوی بە کوڕەکەی بکەوێتەوە. ئەو ٨ساڵە لە زیندان دایەو لەو ماوەیەدا جیا لە یەک جار کە چاوی بە دایکی کەوتوە، هیچ چاوپێکەوتنێکی دیکەی لەگەڵ بنەماڵەو کەسوکاری نەبووە.
سەرچاوەیەک لە زیندانی مینابیش دەڵی جارێک کە داواکاری گشتی سەردانی زیندان دەکا، کەماڵ داوای مەرەخەسیی کردبوو، بەڵام داواکاری گشتی پێی دەڵێ کە بەپێی دادنامە ئەتۆ مافی چوونە مەرەخەسیت نییە.
ئەو ڕۆژنامەنووسو زیندانیی سیاسیی کوردە ساڵی ٨٧ لە هەرێمی کوردستانەوە بە مەبەستی دیدارو پێوەندی گرتن بە نووسەران، مامۆستایانی ئایینیو کەسایەتییە فەرهەنگیو هونەرییەکان هاتە سەقزو لە ماڵێ یەکێک لە کتێب فرۆشەکانی ئەو شارە گەمارۆ دراو درایە بەر دەسرێژ. لەو هێڕشەی سپای پاسدارانو ئیتلاعات بۆ سەر ئەو ماڵە کادرێکی حیزبی دێموکڕات بە ناوی شێخ غەریب حەسەنی شەهیدو کەماڵ شەریفی دەسبەسەرو بۆ ماوەی نیزیک بە ٦ مانگ لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا مایەوە.
کەماڵ شەریفی دواتر سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا کە لە دادگای پێداچوونەوەدا حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ زیندان داشکا. ئەو ئێستا لە زیندانی میناب وێڕای چەند زیندانییەکی سیاسیی دیکە لە نێو تاوانبارانی ماددە هۆشبەرەکاندا بەندکراوەو خەریکی کێشانی ماوە زیندانییەکەی خۆیەتی کە ٢٥ ساڵە لە دوورخراوەییدا.