ڤاسیل سیمۆنینکۆ (لەدایکبووی ٨ی ژانیوەریی ١٩٣٥) شاعیری ناودار، ڕۆژنامەنووس و خەباتکاری جووڵانەوەی جیابیرانی ئۆکڕاین بە یەکێک لە سیما هەرە گرینگە ئەدەبییەکانی شەستەکانی سەدەی بیستەمی ئەو وڵاتە دادەنرێ. بە بۆچوونی کارگێڕانی مووزەی جووڵانەوەی جیابیرانی کییەڤ، بەرهەمەکان و مەرگی زووی سیمۆنینکۆ کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر جووڵانەوەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی ئۆكڕایندا داناوە.
بڵاوبوونەوەی یەکەم دەفتەرە شێعری ئەو شاعیرە بە ناوی “بێدەنگی و تۆفان” بەهرەی گەورەی ئەوی لە ناو شاعیرە لاوەکان دەرخست. شاعیر لە دوا ساڵی تەمەنیدا کتێبێکی دیکەی شێعری بە ناوی “هێزی ڕاکێشەری زەوی” بڵاو کردەوە.
ساڵی ١٩٦٢ سیمۆنینکۆ و هاوڕێکانی گۆڕێکی بەکۆمەڵی ئۆکڕاینییەکانیان کە لە کاتی سەرکوتی جووڵانەوەی ئۆكڕاینییەکان کوژرابوون دۆزیەوە و لەقاو دا. لەسەر ئەوە، ئەنجومەنی شارەوانیی کییەڤ شاعیریان هەڵپێچا. ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی ئەوەی دەوڵەت پشتگوێی بخا و تەنانەت شارەزایان دەڵێن مردنەکەشی هەر لە سۆنگەی ئەوەوە بووە.
شێعری “بۆ برای کوردم” کە لە مانگی ماڕسی ساڵی ١٩٦٣دا نووسرا قاچاغ بووە و دەستاو دەست گەڕاوە و دواتر ساڵی ١٩٦٥ لە گۆڤاری “سامیزدات” لە ئەڵمان چاپ کراوە. ئەم شێعرە بە یەکێک لە گرینگترین بەرهەمە شێعرییەکانی شاعیر دادەندرێ و بووە بە هۆی ئەوە کە سیمۆنینکۆ ببێ بە شاعیری نەتەوەیی. ئەو شێعرە لە گەرمەی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستاندا نووسراوە.
پاییزی ئەو ساڵە و تەنیا چەند مانگ دوای نووسینی ئەو شێعرە، لە وێستگەیەکی شەمەندەفەر لە کییەڤ چەند چەکداری سەر بە میلیشیایەکی دەوڵەت هەڵدەکوتنە سەر ڤاسیل و زۆری لێ دەدەن. دوای ئەو لێدانە ئیدی شاعیر جێی خۆی ناگرێتەوە، گورچیلەکانی لە کار دەکەون و مانگێک دواتر لە سێزدەی سێپتامبەری ١٩٦٣ لە تەمەنی بیست و هەشت ساڵیدا سەر دەنێتەوە.
دوای مەرگی دڵتەزێنی شاعیر، ساڵی ١٩٦٤ کتێبێکی دیکەی بە ناوی “سەفەر بۆ وڵاتی پێچەوانە” چاپ و بڵاو دەکرێتەوە. ڤاسیل سیمۆنینکۆ دوای مەرگی لای ئۆکڕاینییەکان خۆشەویستی و ناوبانگی پتری پەیدا دەکا. پەیکەری بۆ دروست دەکرێ و ساڵی ٢٠٠٨ بانکی ناوەندیی ئۆکڕاین وێنەکەی لە سەر دراوێکی خۆی چاپ دەکا.
بۆ برای کوردم
چیاکان، شەڵاڵی خوێن، ناڵە و زایەڵەیان دێ
ئەستێرە پێکراوەکان هەڵدەدێرێن
بۆ نێو دۆڵی بۆنخۆشی زامدار
دێ داگیرکەر، شۆڤینیزمی چاوبرسی
…
دەست بە گوللـەکانتەوە بگرە برای کورد!
بەڵام دەستت مەپارێزە لەو پیاوکوژانە
بە سەر زۆڵی زوڵم و داگیرکاریدا
گێژەڵووکەی خوێن، تۆفانی مەرگ داببارێنە
…
با تەنیا گوللـە لەتەکیان بدوێ
خەونی گولیان پێوە دیوی
هاتوون لێتی بئەستێنن ناو و زمانت
هاتوون جێبێڵن منداڵت بە هەتیوی
…
لەتەک داگیرکەر مەحاڵە ژینی بە ئاسوودەیی
ئەو دەوەشێنێ قامچی ئاغایی و تۆ ڕادەکێشی نیری کۆیلەیی
بە خوێنی لەشی تۆ قەڵەو دەبێ ئەو زێرووە
شۆڤینیزمە و بە خوێنی سەری ئێمە تینووە
…
بێ بەڵێنە و لە پشتڕا خەنجەروەشێنە
هەموو شت دەکا پێت کەچ بکا مل
دەست بە گوللـەکانتەوە بگرە برای کورد
بەبێ گوللـە تەفرو تونا دەبن گەل
…
مەهێڵە گڕی ڕقت دامرکێ
ڕۆژێک دەبینم دروشمی ژینت میهرەبانییە
کەی ئەمە دادێ؟ کەی لە گۆڕت نا
دوا شۆڤینیستی ئەم گۆی زەوییە
١٩٦٣