سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەەکانی ئیدز لە ئێران دەڵێ گرینگترین کێشەو کۆسپی بەردەم کۆنتڕۆڵو دەرمانی ئیدز لە ئێران سیاسەتی “حاشا کردن”ی دەوڵەت لەو نەخۆشییەیە. ئەو دەڵێ بە سیاسەتی حاشا کردن وەک ئەوە وایە وەک کەوی سەری خۆمان لە بن بەفر ڕۆکردبێ.
دوکتور مینو موحریز، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەەکانی ئیدز لە ئێران بە ئاماژە بەوەی شەپۆلی سێهەمی ئیدز لە ئێران گەیوەتێ، گوتی با وەک کەو سەرمان نەخەینە نێو بەفرەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە پەرەسەندنی نەخۆشیی ئیدز بەهۆی ڕەفتاری جینسیی پڕمەترسی ڕمێنی هەیەو، خراپتر لە هەموو شتێک ئەوەیە کە هیچ بەرنامەو پلانێکی پێشگیرانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنو پەروەردەو هەروەها کاناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە لە گۆڕێدا نییە.
ئەو پزیشکو کارناسەی نەخۆشییە عفونییەکان بە پێداگری لەسەر ئەوەی کە پێوەندیی جینسی غەریزەیەکی سروشتییە، گوتی پەروەردەی سەقەت وای کردوە دایکو باوکان لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ منداڵەکانیان قسە نەکەن، بەڵام من دەپرسم کە بۆچی وەزارەتی خوێندنو پەروەردە لە پێوەندی لەگەڵ پێوەندییە جینسیەکاندا هیچ بەرنامەیەکی فێرکاریو پەروردەیی نییە؟
شایانی باسە وەزارەتی بێهداشتو دەرمانو فێرکارییە پزیشکییەکان لە دەوڵەتی حەسەن ڕوحانیدا پێی لەوە ناوە کە سیاسەتی چەوتو شاردنەوەو حاشاکردن لە ئیدز، ڕێی بۆ پەرەسەندنی ئەو نەخۆشییە خۆش کردوە.
ئامارە ڕەسمییەکان دەڵێن نیزیک بە ٣ هەزار کەس لە ئێران نەخۆشیی ئیدزیان هەیە، بەڵام ئامارە غەیرە ڕەسمییەکان دەڵێن ژمارەی توشبووان بە ئیدز لە ٨٠ هەزار کەس زیاترە.