وەزارەتی نێوخۆی ئاڵمان، چالاکیی سێ ئەنجومەنی سەر بە گرووپی حیزبوڵای لوبنانی لە هەرێمەکانی ئاڵمان قەدەغە کرد.
وەزیری کاروباری نێوخۆیی هەرێمی بێرمەن، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی ڕایگەیاند کە ئەنجومەنی ” ئەلمستەفا” سەر بە گرووپی حیزبوڵای لوبنان و یەکێک لە بەنێوبانگترین ئەنجومەنەکانی سەر بە حیزبوڵای لوبنان بەهۆی چالاکییەکانییەوە لە بڵاوکردنەوەی درۆ و چەواشەکاری بەدژی وڵاتی ئیسرائیل لەو هەرێمە داخرا.
لەلایەکی دیکەوە هەرێمی نۆردراین وێستفالن، ئەنجومەنی” فاتمە”ـی بە تۆمەتی پێوەندییەکانی لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان لەو هەرێمە داخستووە و هەروەها چالاکییەکانی ناوەندی “ئیمام مەهدی” لە شاری مۆنستێر لە هەرێمی نیدێر زاکسێن کە ئەویش سەر بە گرووپی حیزبوڵای لوبنانە قەدەغە کراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە وەزارەتی نێوخۆی ئاڵمان، ساڵی ٩٩ی هەتاوی، گرووپی حیزبوڵای لوبنانی وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناساندووە و هەموو چالاکییەکانی ئەو گرووپەی لە ئاڵمان قەدەغە کردووە.