بە بەشداریی کۆمەڵێک سیاسەتمەدارو نوێنەرانی پارلمانی فینالند، سمیناری “کورد لە سێبەری سیاسەتی جیهانیدا” لە زانکۆی هێلسینکی بەرێوە چوو.
رۆژی پێنجشەممە ٢٦ی خاکەلێوە بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی ئەنفاڵو بەبەشداریی دەیان توێژەر، خوێندکار، چالاکانی سیاسیو مەدەنی فینلەندیو کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە سمیناری “کورد لە سێبەری سیاسەتی جیهانیدا” لە زانکۆی هێلسینکی بەڕێوەچوو .
سمینارەکە بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی کوردو کوردستانو سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیبو بە قسەکانی وڵات نەهری، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فینلاندو ” لورا لۆدێنیوس”، بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی یەکیەتی ئاشتی فینلاند دەستی پێکرد.
لەو سمینارەدا ئێرکی تۆمیۆئا، وەزیری دەرەوەی پێشووی فینلاندو نوێنەری پارلمان لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان وتارێکی لەسەر ئاڵوگۆڕی سنوورەکانو مافی نێونەتەوەیی پێشکەش کرد.
ئێرکی تۆمیۆئا لە وتارەکەی خۆیدا وێڕای ئاماژە بە لەدایکبوونی وڵاتانی نوێی دوای سۆڤیەتی پێشوو و هەروەها ڕووداوەکانی دوای پەیمانی سایس پیکۆ لە رۆژهەڵاتی نێوەراست گوتی: پرسی سەربەخۆیی کوردستان پرسیارێکی گەرمی سەر مێزە کە هێزە دەسەڵاتدارەکان جارێ ناوێرن خۆی لێ بدەن”. بە بڕوای ناوبراو لەو هەلومەرجەدا باشترین چارەسەر بۆ کێشەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان شێوەی دێموکراتیکو ئاشتیانەیە کە لەودا مافی نەتەوایەتیی کورد وێرای نەتەوەکانی دیکە بە ڕەسمی بناسرێن.
کۆڕگێرێکی دیکەی ئەو سمینارە خاتوو لی ئاندرسۆن، پارلەمانتارو پسپۆری پێوەندییەکانی نێونەتەوەیی لە فراکسیۆنی یەکیەتیی چەپ بوو. ناوبراو لە وتارەکەی خۆیدا باسی ئەزموونی سەردانی خۆی بۆ باکووری کوردستان کردو شەڕی ئەو دواییانەی دەوڵەتی تورکیە دژی گەلی کوردی بە شەڕی “نێوخۆیی” ناو برد. ئەو هەروەها ئاماژەی بەو تراژیدییانە کرد کە لە باکووری کوردستان بەهۆی هێزەکانی تورکیەوە ڕوو دەدەنو رەخنەی لە بێدەنگی وڵاتانی ئوڕووپایی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دەولەتی تورکیە و بازرگانیکردن بە بارۆدوخی نالەباری پەنابەران گرت.
لە پەنێلێکی دیکەی سمینارەکەدا دکتۆر کریستینا کۆیڤوونێن، توێژەرو لێکۆڵەر کە هەشت کتێبی لە پەیوەندی لە گەڵ کوردو کوردستان نووسیوە، باسێکی لە مێژووی کورد کردو لە باسەکەی خۆیدا مێژووی ژێنۆساید لە کوردستانی لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا ئەمرۆ هێنایە بەرباس.
دوا باسی سمیناری “کورد لە سێبەری سیاسەتی جیهانیدا” لەلایەن مەجید حەقی، چالاکی سیاسیو بەرپرسی ئاکادێمی کۆمەڵگای ئاشتیو گەشەپێدان لە ژێر سەردێری “سیستەمی سیاسی ئێرانو پرسی کورد لەو وڵاتە” پێشکەش کرا.
مەجید حەقی لە وتارەکەی خۆیدا وێرای شیکردنەوەی سیستەمی سیاسیو دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران، پێگەی نەتەوە بندەستەکانی لە ڕوانگەی یاسای بنەڕەتی ئێران شی کردەوە. ئەو لە بەشێکی دیکەی وتاری خۆیدا باسی مێژینەی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانو هەڵوێستی دەوڵەتانی ناوەندیو ئەو کارەساتانەی کرد کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دژی گەلی کورد جێبەجێ کراون.
شایانی باسە ئەو سمینارە لەلایەن فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە فینلاندو رێکخراوی یەکیەتیی ئاشتی فینلاندەوە پێکهاتبوو.