سەرەڕای هەوڵ و گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەڕێوەنەچوونی جێژنی نەورۆز، خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە لە هەموو شار و شارۆچکەکان بە ڕێوڕەسمی تایبەت پێشوازیی گەرم لە نەورۆز و ساڵی نوێ دەکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە بەرەبەری سەری ساڵی نوێ، لە تەواوی شار، شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان بە گڕوتینێکی شۆڕشگێڕانەوە، وێڕای بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و جێژنی سەری ساڵی ٢٧٢٢ی کوردی، ڕێوڕەسمی تایبەت بەڕێوە دەچن و بۆ خەڵکی کوردستان تێکرا بۆ جارێکی دیکە “نا”ـیان بە ڕێژیمی داگیرکەری ئاخوندی وتەوە.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، ئەمساڵ جیاواتر لە سالانی پێشوو هەموو هەوڵێکی خۆیان خستووتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕێوڕەسمەکانی پێشوازیی لە نەورۆز بکەن، بەڵام خەڵکی شۆڕشگێر و کچ و کوڕانی ئەوینداری کلتوور و فەرهەنگی کوردەواری بێ گوێدان بە گوشارەکانی ڕێژیمی ئێران، بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە لە هەموو شار، شارۆچکە و گوندەکانی کوردستان بە شکۆوە پێشوازییەکی گەرمیان لە نەورۆز و سەری ساڵی نوێ کردەوە و ئەوەش پەیامێکە بۆ داگیرکەرانی کوردستان کە هیچکات ناتوانن ڕێگری لە ڕێوڕەسمە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بکەن.