بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بارەی ئەگەری دەرهێنانی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکاندا وتی: ئەمریکا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و بڕیارگەلێکی قورس بدا.
بەپێی ڕاپۆرتی “تایمزی ئیسرائیل” ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرپرسێکی پلەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی: دانوستانەکانی ئێمە ئاشکرا نییە و لەبارەی ئیددیعاکانی تایبەت لەبارەی ئەوەیکە ئەمریکا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ بەرجام و لەوێدا چ گەمارۆگەلێک کەم بکاتەوە، ڕاوبۆچوونی لایەنەکانی دیکەش وەردەگرین و بە تایبەت لەسەر ئەوەیکە سپای پاسداران لە لیستی تێرۆر دەمێنێتەوە یان ڕەش دەکرێتەوە؟ بۆ ئەو بڕیارە پێویستە هاوپەیمانان بۆچوونی خۆیان لەو بارەوە دەرببڕن و ئێمە ئامادەین بۆ گەڕاندنەوەی بەرجام بە خاڵگەلێکی دیاریکراو، بڕیارگەلێکی قورس بدەین.
ئەو بەرپرسە پلەبەرزەی دەوڵەتی جۆ بایدێن وتیشی: سنووردارنەکردنی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بووە هۆی ئەوەیکە بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران پەرە بستێنێ و تا ئاستێک کە هەڕەشە لە هاووڵاتییان، بەرژەوەندی و هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکا و ئەمریکا و ئیسرائیل یەک بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران هیچکات دەستی بە چەکی ناوکیی ڕانەگا.