دایە سەکینەی شێخولئیسلامی، دایکی شەهید “سمکۆ عەباستاهیر” بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە “سەکینە شێخولئیسلامی موکری” دایکی شەهید “سمکۆ عەباستاهیر”، بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە سەکینە لە بنەماڵەی کوردپەروەری شێخولئیسلامی پەروەردە کراوە و کوردایەتی و ئازادیخوازی کردبووە سەرمەشقی ژیان و هەر لەو ڕێگەشەوە منداڵەکانی پەروەردە کردووە و بەهۆی خۆشەویستییەکەی بۆ خاکی پیرۆزی نیشتمان جگەر گۆشەیەکی بە ناوی شەهید “سمکۆ عەباس تاهیر” پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
ڕۆژی هەینی ۲۷ ڕەشەمە تەرمی دایە سەکینە لەنێو ئاپۆڕای خەڵک و جەماوەری کوردپەروەری نیشتمان لە خانەقای شێخی بورهان تەسلیم بە خاک کرا.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، وێرای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان بۆ کۆچیدوایی دایە “سەکینە شێخولئیسلامی”، سەرخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان وسەرجەم خزم وکەسوکاریان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.