جێگری وەزیری دەرەوەی چین دەڵێ: گەمارۆ خستنە سەر وڵاتێکی گەورە، بە تایبەتی کە ئەو وڵاتە زلهێزێکی ناوکیی بێ، زۆر مەترسیدارە.
لییوو شێنگ، جێگری وەزیری دەرەوەی چین، ڕۆژی شەممە ٢٨ی رەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرەڕای ڕەخنەگرتن لە سەپاندنی گەمارۆ بەربڵاوەکانی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا بەدژی ڕووسیە پاش هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر ئۆکراین وتی: ناتۆ دەبێ پێبەند بێ بە بەڵێنەکانی و خۆێ شۆڕ نەکاتەوە بۆ لای ڕۆژهەڵات.
جێگری وەزیری دەروەی وڵاتی چین هەروەها ڕایگەیاند، ئەگەر ناتۆ بیهەوێت هێزەکانی خۆی بەربڵاو بکا و شۆڕ بێتەوە بۆ لای ڕۆژهەڵات، ئەو بە کردەوە ڕووسیە دەکەوێتە مەترسییەوە بە جۆرێک کە لەماوەی ٧ تا ٨ چرکەدا بە مووشەکێک کۆشکی کرێملین دەبێتە ئامانج.
ناوبراو لە درێژەدا بە پشتیوانی لە ڕووسیە دەڵێ: دەبێ هاوپەیمانیی ناتۆ لەبەریەک هەڵبوەشێتەوە و ببێ بە مێژوو و گەمارۆدانی وڵاتێکی گەورە وەکوو ڕووسیە بە تایبەتی کە زلهێزێکی ناوکییە لە جیهاندا چاوەڕواننەکراو و زۆر مەترسیدارە.
جێگری وەزیری دەرەوەی چین لە کۆتاییدا وتی: ناتۆ بە جێگەی ئەوەی کە هەڵبوەشێتەوە، خۆی زیاتر بەهێز کردووە و شۆڕ بووەتەوە بۆ وڵاتانی یووگووسلاوی، عێراق، سووریە و ئەفغانستان و دەستێوەردانی سەربازیی دەکا.