سەرەڕای دڵنیایی هێندێک لە وڵاتانی ئورووپایی بەشدار لە وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، تاران دەڵێ: چارەنووسی ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڤییەن گرێدراوە بە بڕیاری سیاسیی ئەمریکاوە.
هەواڵدەریی” نوور نیوز” سەر بە شۆرای باڵای ئاسایشی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بە دووپاتکردنەوەی ئیددیعای بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بەوەی کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە ڤییەن تۆپ لە زەوی ئەمریکادایە، بە نووسینی ڕاپۆرتێک هەواڵی گەیشتن بە ڕێککەوتنی لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە؛ هێشتا هیچ ڕووداێکی گرینگ لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ دووبارە کردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی نەهاتووەتە ئاراوە.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و شۆرای باڵای ئاسایشی ئەو ڕێژیمە، لەماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر هێڵە سوورەکانیان ڕایانگەیاندووە کە ڕێککەوتن لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن گرێدراوە بە بڕیاری سیاسیی ئەمریکاوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لاچوونی ناوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا، یەکێکە لە مەرجەکان و هێڵە سوورەکانی ئێران بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لە ڤییەن.
هەر لەم پێوەندییەدا، ڕێبەریی کەمینە لە مجلیسی نوێنەرانی ئەمریکا، ڕۆژی شەممە بە ئاماژە بە لێکدانەوە و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی لاچوونی ناوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکادا ڕایگەیاند: بایدێن لە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا هیچ قازانجێک ناکا و گەرەنتییەک بۆ کۆتاییی چالاکییە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بوونی نییە.
لەلایەکی دیکەوە حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ “لیزا تراس” وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕایگەیاندووە کە؛ تاران ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، بە مەرجێک هێڵە سوورەکان کە داواکارییەکانی ئێمە لە وتووێژەکانن جێبەجێ بکرێ.