ەبۆنەی هاتنەوەی نەورۆز، جێژنی نەتەوەیی و پڕشکۆی کوردان پیرۆزبایی لە هەموو هاونیشتمانانی بەڕێز دەکەم، هیوادارم لە ساڵی نوێدا جووڵانەوەی مافخوازانەی نەتەوەکەمان پتر و پتر لە ئامانجەکانی نیزیکتر بێتەوە. هەر لەو دەرفەتەشدا سڵاو دەنێرم بۆ زیندانیانی سیاسی کە بە خۆڕاگریی بێوێنەی خۆیان بەندیخانەکانی ڕێژیمیان کردۆتە مەتەرێزی ئازادیخوازی. هەروەها سڵاو دەنێرم بۆ بنەماڵەی بەڕێزی زیندانیانی سیاسی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان، پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی نیشتمان، چالاکان و خەباتکارانی ڕزگاریخواز و کۆڵنەدەری کورد لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کە بە بەشداری و هاوکاریی هەمووان کاروانی ئەو خەباتە دەڕواتە پێش.
ئەمساڵیش لە ئیرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، قەیرانی ئابووری کە بەرهەمی سیاسەتی بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئیدارەدانی وڵات و ڕەفتاریان لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانییە، چەندقاتی جاران شوێنی خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دانا. بێکاری و هەژاری لەمساڵدا زیاتر پەرەیان ئەستاند و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان پتر شوێنەوارەکانیان دەرکەوتن. هەروەها سەرکوتی توندوتیژ و خوێناویی خەڵکانی مافخواز و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بە تایبەت لە کوردستان بەردەوام بوو. کۆماری ئیسلامی لەبری ئەرکوەخۆگری و بەرپرسیارەتی لە هەمبەر ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵک، بەگرتنەبەری سیاسەتی بەئەمینیەتیکردنی زیاتری وڵات و چەند هێندەکردنی بودجەی ناوەندە نیزامی و بنیاتەکانی سەرکوتگەر و مافپێشێلکەر دەستی ئەوانی بۆ هەموو تاوانێک و کردەوەیەکی جینایەتکارانە ئاوەڵاتر کرد. بەڵام سەرباری هەموو ئەوانە خەڵک کۆڵیان نەدا، ناڕەزایەتییەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی پتر وەڕێخران و سەرەڕای تێچووی قورسی خەبات لەدژی ڕێژیم بەتایبەت لە کوردستان، تێکۆشانی بەرهەڵستکارانە و مافخوازانەی مامۆستایان و فەرهەنگییەکان، خوێندکاران، ژنان، کرێکاران، چالاکانی ئەدەبی و مەدەنی، ژینگەپارێزان، زمانپارێزەکان و توێژە جۆراوجۆرەکانی دیکەی کۆمەڵگە پەرەیان سەند و خەباتی جەماوەریی خەڵک لە کوردستان هیندەی دیکە بەرگژەی بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کرد و پتر شەرعییەتی نەبووی ئەو ڕێژیمەی بردە ژێر پرسیار.
کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر لە نێوخۆ کەوتۆتە بۆنبەست و قەیرانی بەرینی شەرعییەتی، سیاسی و کۆمەڵایەتی هەتا بینەقاقای گرتوە، لەمساڵدا و لە بازنەی هاوکێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیشدا پتر لە ساڵان بەرەوڕووی گوشار و تەنگژە بۆوە، چونکی عەقڵییەتی دێموکراسی و هەرەوەزی نێودەوڵەتی و بایەخە جیهانداگرەکان لەگەڵ سیستمێکی سیاسیی لەچەشنی کۆماری ئیسلامی بێگانەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان خۆڕاگری و خەباتی نەتەوەیی و مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لەدژی کۆماری ئیسلامی بەرز دەنرخێنی و شانازی بەوەش دەکا کە خەڵکی کوردستان وێڕای تێکۆشانی بێوچان و شێلگیرانەیان لەدژی ڕێژیم، لە خۆشی و ناخۆشییەکانی حیزبە خۆشەویستەکەیاندا بەشدار بوون و خاوەندارەتییان لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەیان کردوە.
حیزبی دێموکرات هاوکات دڵنیایە و باوەڕی وایە کە ئەم خەباتە ڕەوا و بەرحەقەی کورد کاتێک سەر دەکەوێ کە یەکڕیزی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان دەستەبەر بێ. هەر لەو پێوەندییەدا و لەبارەی داوای بەردەوامی ئێوە بۆ یەکگرتنەوەی دوولایەنی حیزبی دێموکرات ڕادەگەینین کە بەخۆشییەوە وتووێژەکانی یەکگرتنەوە بە ئاراستەیەکی باشدا دەچێتە پێش.هیوادارم ئیرادە وهەست بە بەرپرسیارییەتی دوولایەن زۆرتر دەستەبەری بەئاکامگەیاندنی ئەو پڕۆسەیە و ئیدارەیەکی باشی حیزبی یەکگرتومان لە داهاتودا بکات .
لەکۆتاییدا جارێکی دیکەش جێژنی نەورۆزتان پیروز، ئاڵای خەباتی نەتەوایەتیمان هەر شەکاوە و نیشتمانمان هەر ئاوەدان.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان
خالید عەزیزی
٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی