بەرپرسانی ئیسرائیلی لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە ئەمریکا کرد کە لە ئەگەری ڕێککەوتنی ناوکیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا بهێڵنەوە.
ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، “نەفتالی بێنێت”، سەرۆکوەزیران و “یائیرلاپید” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان لە ئەمریکا کرد کە سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکان دەرنەهێنن و دەرهێنانی سپای پاسداران لەو لیستە کارێکی نالۆژیکییە و هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر ئاسایش و ئەمنییەتی جیهانی.
بەرپرسانی ئیسرائیلی لەو بەیاننامەیەدا بە وەبیرهێنانەوەی ڕۆڵی سپای پاسداران لە کوشتنی هەزاران کەس لە خەڵکی سووریە و وێرانی لوبنان، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە حیزبوڵای لوبنان، میلیشیاکانی عێراق و حووسییەکانی یەمەن هەموویان سەر بە سپای پاسدارانن و لەلایەن سپاوە پشتیوانی ماڵی و چەکوچۆڵیان لێ دەکرێ بۆ پەرەپێدان بە گرژی و ئالۆزی لە ناوچەکەدا.