وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لە وڵاتە جیاجیاكانی جیهان، ڕەخنەی توندیلە بەردەوامیی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا گرت.
بەشی پێوەندیدار بە ئێران لەم ڕاپۆرتە ٤٥ لاپەڕەیەدا گرینگترین کێشەکانی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێرانی بەم شێوەیە باس کردوە:
• بەرتەسككرنەوەی توندی ئازادییە مەدەنییەكانی خەڵک وەك پێشگرتن بە كۆبوونەوە گرتنو پێكهێنانی دامەزراوەو ڕێكخراوە مەدەنییەکان.
• سەركوتی ئازادیی ڕادەربڕینو گواستنەوەی ئازادانەی زانیاری بە تایبەت لە ڕێگەی ئینترنێت، ڕاگەیەنەكانو فشار بۆسەر كەمینە ئایینییەكان.
• بەرتەسككرنەوەی ئازادییەکانی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان.
• دادگاییكردنی ناعادڵانە هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئێعدام بە تایبەت مێرمنداڵان بۆ ئەو سزایانەی كە شایانی ئەم حوكمە نین.
وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا هەروەها كۆماری ئیسلامیی بە حكومەتی مەزهەبیی شیعە ناو بردوە كە لە سەرووی هەمووانەوە ویلایەتی فەقیهەو لەم ڕێژیمەدا مافی مرۆڤ بە ئازارو ئەشكەنجە، سەركوتی ئازادی ڕادەربڕینو ئێعدام لە پێش چاوی خەڵكو زۆر حاڵەتی دیکە ژێر پێ دەنرێ.
هەڵسوكەوتە نامرۆڤانەو توند لەگەڵ بەندكراوان، سەپاندنی حوكمی پەڕاندنی ئەندامانی لەش، توندوتیژی لەگەڵ بەندكراوانی سیاسیو هەلومەرجی خراپ و مەترسیداری زیندانەكانی ئێران لەم بابەتانەن كە وەزارەتی دەرەوەی ئامریكا لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی پێكردوون.
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە كە دەزگای قەزایی ئێران سەربەخۆ نییەو ئەو حوکمانەی لە دژی ڕۆژنامەنوسانو زیندانیانی سیاسیی دەدرێ، لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەدرێن.