کێشەکانی نێوان کۆشکی کرێملین و کۆشکی سپی لەهەمبەر تۆمەتەکانی ئەمریکا لەسەر ڕووسیە بەردەوامە و ڕووسیە، بایدێن بە ماندوو، بەساڵاچوو و لەکارکەوتوو ناو دەبا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دێمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین، ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە کاردانەوە لەهەمبەر قسەکانی جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا کە وتبووی: پوتین جینایەتکاری شەڕ، بکوژ و خوێنمژە وتی: بایدێن، ماندوو، بەساڵاچوو و لەکارکەوتووە و شتی زوو لە بیر دەچێتەوە و ئێمە نامانهەوێت وڵامی سەرۆککۆماری ئەمریکا بدەینەوە.
ناوبراوا لە درێژەدا وتی: بایدێن پیاوێکی بەساڵاچوویە، نازانێ کە دەڵێ چی و ئەو تۆمەتانەی کە خستوویەتە پاڵ سەرۆککۆماری ڕووسیە بێبنەما و دوورن لە ڕاستی و ئێمە نامانهەوێ وڵامی بایدێن بدەینەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کە کێشەکان زیاتر ئاڵۆز نەکەین.
جێگەی ئاماژەیە کە جۆ بایدێن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، پوتین بە جینایەتکاری شەڕ، بکوژ و خوێنمژ، ناو برد و وتبووی: پوتین بەبێ هیچ هۆکارێک هێرشی سەربازیی کردۆتە سەر خاکی ئۆکراین.