كۆمەڵێك لە پارلمانتارانی ئورووپا لە نامەیەكدا داوایان لە فدریكا موگرینی، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا كردوە تا لە سەفەرەكەی خۆی بۆ ئێران باس لە مافی مرۆڤ لە ئەولەوییەتەكانی بەرنامەی خۆیدا دابنێ.
ئەوان دەڵێن با موگرینی ئەم سەفەرە بە هەلێك بۆ باسکردن لە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران چاو لێبکا.
لەم نامەیەدا داوا لە موگرینی كراوە لەم سەفەرەیدا نوێنەری تایبەتی یەكیەتیی ئورووپا بۆ كاروباری مافەكانی مرۆڤیش لەگەڵ خۆی بخا.
ئەم نامەیە كە زیاتر لە ٦٠ نوێنەری پارلمانتاری یەكیەتیی ئورووپا ئیمزایان كردوە، بە دەستپێشخەریی ماریچە ئێسخاكە، سیاسەتمەداری هولەندی ئامادەكراوە.
لە نامەی ئیسخاكە ڕوو بە موگرینی هاتووە كە ئێمە پشتیوانی لە بەرەوپێشچوونی پرسەکانی پێوەندیدار بە ڕێککەوتنی ئەتومی دەکەین، بەڵام بەم حاڵەش لەسەر ئەم بڕوایەین كە گرینگترین بابەت كە لەم سەفەرەدا دەبێ قسەی لەسەر بکرێ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.
ئەوان دەڵێن ژمارەی یەکجار زۆری ئێعدامەکان لە ئێران، دەسبەسەركرانی ڕەخنەگرانو سانسۆڕی سیستماتیك بۆتە هۆی ئەوەی كە ئێران هەروا وڵاتێكی نادێموكراتیك و نائازاد بمێنێتەوەک هەروەها مافی ژنانو كەمینە ئایینیو نەتەوەییەكانیش لە نیگەرانییەكانی دیكە ئێمەن.
ئێسخاكە هەروەها داوای لە بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا كردوە كە ئەمە بە کاربەدەستانی ئێران پیشان بدا كە ئەم یەكیەتییە خوازیاری باشبوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.