جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بەردەوامیی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێ: لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران ٢٨٠ کەسی لەسێدارە داوە.
جاوید ڕەحمان، ڕاپۆرتنێری تایبەتی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لە شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێنێڤ، سەبارەت بە پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران وتی: لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ٢٨٠ کەسیان لەسێدارە داوە کە زۆربەیان کەمینە نەتەوییەکان و کەمینە ئایینییەکانن و بەهۆی نەبوونی دادگایەکی دادپەروەرەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و هەروەها لەنێو ئاماری لە سێدارەدراوەکاندا منداڵان و ژنان وەبەرچاو دەکەوێ.
ناوبراو هەروەها داوای لە شۆرای مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە؛ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەبێ لەهەمبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، وڵامی کۆمەڵگەی جیهانیی بدەنەوە و بە خێراترین کات دەبێ کۆتایی بە پێشێلکارییەکانیان بهێنن.
جاوید ڕەحمان لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا بە ئاماژە بە سەرکوتی بێبەزەییانەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا وتی: ئەو ڕێژیمە بەبێ گوێدان بە هیچ ڕێسا و یاسایەک خەڵکی ناڕازیی بە توندترین شێوە سەرکوت دەکا و لە ڕێژیمی ئێراندا پێشێلکارانی مافی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتەوە پارێزراون و ئەوە ئەرکی کۆمەڵگەی جیهانییە کە نابێ ئیزن بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بدا بەردەوام بێ لە پێشێلکارییە مرۆییەکانی و دەبێ بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە وڵامدەر بن لەسەر هەموو پێشێلکارییەکانیان.